سێمینارێک له سه‌ر “هۆکاره‌کانی شۆرشی ساڵی ١٣٥٧ له ئێران” بۆ به‌ڕێز “عومه‌ر باڵه‌کی” ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ناوه‌ندی سێی کوردستان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی ٢١ی ڕێبه‌ندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، سێمینارێک له‌سه‌ر خه‌سارناسی و هۆکاره‌کانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ٤١ ساڵ بۆ به‌ڕێز عومه‌ر باڵه‌کی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی له ناوه‌ندی ٣ی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌م سێمیناره‌دا سه‌رەتا ‘لوقمان موئمنی” دوای به‌خێرهێنانی سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان داوای له کاک عومه‌ر کرد باسه‌که‌ی پێشکه‌ش بکا.
کاک عومه‌ر باڵەکی به ڕوانگه‌یه‌کی خه‌سارناسانه هۆکاری ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی له دوو ته‌وه‌ری ده‌ره‌کی و ناوخۆیی پۆلێنبه‌ندی کرد. به‌ڕێزیان دوای ئاماژه‌دان به هۆکاره‌کانی وه‌ک پشت تێکردنی ڕۆژئاوا، زیادهڕۆیهکانی شای ئێران له ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت ده‌ست تێوه‌ردانه‌کانی له وڵاتانی عه‌ره‌بی، هاته‌سه‌ر هۆکاره ناوخۆییه‌کان و ناڕەزایهتی خه‌ڵک له‌و سیسته‌مه به هۆی گه‌نده‌ڵی و بره‌ودان به بیرۆکه‌ی “ده‌روازه‌کانی ته‌مه‌دون” و چێ‌کردنی مێژوو بۆ ئێران و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و شکۆ بۆ ته‌ختی پاشایه‌تی، هه‌روه‌ها وه‌زاڵه‌هاتنی ئه‌تنیکه جۆراوجۆره‌کان له‌وانه کورد، له‌لایه‌کی تریش گه‌وره بوونه‌وه‌ی پرسی مزگه‌وت وه‌ک فاکته‌رێکی به‌هێز له خۆپێشاندانه‌کان و ناڕزایه‌تییه‌کان که له‌به‌شی هه‌ره زۆری‌دا خومه‌ینی سه‌رپه‌رستی ده‌کرد، بووه هۆی ئه‌وه‌یکه خه‌ڵک به دژی سیسته‌می پاشایه‌تی هه‌ستنه‌وه و ئه‌و ڕێژیمه بڕووخێنن. دواتر به ناو هێنانی یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی خه‌ڵک، وه‌ک ١٢ی ڕێبه‌ندان و گه‌ڕانه‌وه‌ی خومه‌ینی هه‌تا ٢٢ی ڕێبه‌ندان و نه‌مانی ئاخیرین پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێشوو و له‌به‌یکی ئه‌رته‌ش به خه‌ڵک و خومه‌ینی، ئه‌م ده ڕۆژه‌ی وه‌ک پێناسه باوه حکومه‌تییه‌که‌ی به “ده‌یه‌ی فه‌جر” ناوی دێنن، شیکردەوە. دواتر هاته سه‌ر مانگی خاکه‌لێوه و ڕێفراندۆمی پڕ له چه‌واشه و تاک لایه‌نه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی تازه به ده‌سه‌ڵات گەیشتوو که دوای ئه‌و به‌ناو ڕێفراندۆمه هێدی هێدی سه‌رجه‌م ڕه‌وت و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان به چه‌پ و ڕاست و ئیسلامی و… له مەیدان وه‌ده‌ر ده‌نرێن و ده‌ستی به کوشت و کوشتار و له‌سێداره‌دان کرد. کاک عومه‌ر باسی له لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خومه‌ینی و چۆنیه‌تی هه‌ڵسووکه‌وتی ئه‌و ڕێژیمه له‌گه‌ڵ پرسی کورد کرد و وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رجه‌م بابه‌ته پێوه‌ندیداره‌کان کۆتایی به‌و به‌شه له سێمیناره‌که‌ی هێنا. دوای قسه‌کانی کاک عومه‌ر به پرسیار و باسی بەشداران سێمینارەکە کۆتایی پێهات.