هاووڵاتییەکی خەڵکی ماکۆ دەسبەسەرو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ، ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕێبەندان، “فواد وەکالەتی” ، خەڵکی ماکۆ، دەسبەسەرو بۆ تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا، ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی “خۆی” بە یەک ساڵ بەندی تەعزیری حوکمدرابوو.
ناوبراو هاوینی ئەمساڵ لە لایەن لقی داداگای شۆڕشی “خۆی” بە سەرپەرەستی “قازی عیرفانی” بە تۆمەتی “بانگەشە دژی نیزام” بە یەک ساڵ حوکمی تەعزیری مەحکووم کرا و حوکمەکەی لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ پشتڕاست کرایەوە.
جێی بیر هێنانەوەیە، “فواد وەکالەتی” لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و دوای لێکۆڵینەوە، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کراو دواتر لە مانگی پووشپەڕدا بۆ زیندانی ماکۆ ڕاگوێزرا.
“فواد وەکالەتی”، ڕۆژی هەینی، ٤ی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتە تا کاتی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرابوو.
نابراو لە کاتی دەسبەسەر کرانیەوە تا کاتی ڕاگواستنی بۆ زیندانی ماکۆ، لە هەر چەشنە سەردان و چاوپێکەوتنێکی بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتیە دەگوترێ کە ناوبراو بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە بارودۆخی کوردەکانی ماکۆ و کەمتەرخەمی دەسەڵات، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.











