یەکەم جار لە بەرگی ٦ی بیرەوەرییەکانی ڕەوانشاد کەریمی حیسامی (١٩٧٩)دا چاوم بە دەستەواژەی “خەباتی شاخ و شار” کەوت. مامۆستا حیسامی باس لەوە دەکا کە لە خەرمانانی ١٩٧٩ کاتێ کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەهێزێکی زەبەلاح و چەکی قورسەوە لە دەروازەکانی شاری مەهاباد بوو بە تەمای گرتنی ئەو شارە، بەرپرسانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خەڵکی مەهاباد کۆدەبنەوە تا بڕیاڕێک سەبارەت بە دۆخەکە دەربکەن. بۆچوونەکان جیاواز دەبن بەڵام شەهید مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی دەڵێ: ” موبارزە شکڵی زۆرن، شەڕ تاقە شکڵی خەبات نییە. من لام باشە ڕێگاکان ئازاد بکەین. ئەگەر بوو بە شەڕ، با لە چیاکان شەڕ بکەین. حیزب [دێموکرات] تێلگڕافێک بۆ خومەینی بنێرێ و بڵێ بۆ حوسنی نییەت ڕێگا چۆل دەکەین با لەشکر بێتەوە پادگان. ئەگەر پاسدار و ئەرتەش دەسدرێژیان بۆ سەر خەڵک کرد ئەودەم شەڕ دەکەین با هێزی چەکداری پێشمەرگە بچنە چیا [شاخ] و ببنە پشتیوانی ئێمە لە شار. ئەو دەم ئەوانیش ناوێرن دەست لە شار بدەن.” (لاپەڕەی ١٦٥)
ئەمڕۆ ئەم دەستەواژەیە کە دەمێک ساڵ بوو لە ئەدەبیاتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کورستاندا تەریک کەوتبۆوە خۆی خزاندۆتەوە ناو گوتاری رۆژهەڵاتەوە. لە ڕاستیدا بە چاوخشاندنێکدا بە سەر مێژووی خەباتی سەرجەم گەلانی بندەستی دنیا بۆمان دەردەکەوێ کە جووڵەی خەبات یەکەم جار لە شاخڕا دەستی پێکردووە و دواجار گوازراوەتەوە بۆ ناو شار و پەیوەندی نێوانیان ساز بووە، بەتایبەتی لە سیستمە دیکتاتۆرەییەکاندا کە ناوخۆ دەرفەت و دەرەتانی پشووی سیاسی پێنادرێ، شاخ دەتوانێ وەک پاڵپشت و هێزێکی پشتیوانی بەتایبەتی لەباری سایکۆلۆژییەوە دەورێکی ئەرێنی بۆ شار بگێڕێ. نموونەی ئەم پەیوەندییانە لە وڵاتانی جیهاندا زۆرن بە میکانیزمگەلی هاوشێوە و جیاوازەوە. بەڵام لەهەر هەموویاندا ئەوە شاخ بووە کە وەک پشتیوان و پاڵنەری شار دەوری خۆی گێڕاوە هەربۆیە بە تەعبیری ڕۆژ دوبرە شۆڕشگێڕی لاوی فەڕەنسی بۆ هەڵبوونی مەکینەی گەورە دەبێ، سەرەتا مەکینەی بچووک هەڵبێ، واتە دەسپێک دەبێ لە شاخەوە بێ.
قەتیس مانەوەی هێزی پێشمەرگە وەک سابت مانهوه له مقهڕهکانیان له باشووری کوردستان و چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان – لە سەرووی هەمووان قەندیل وەک شوێنێکی ئیستراتێژیک که بۆتە هێمای خۆڕاگری خەباتی چەکداری- و هەروەها ناتەبایی و لەتبوونی هێزە سیاسییەکان و… بە گشتی شاخی لە هاوکێشەی شار = شاخ دەرهاویشتووە و شار بە تەنیا ماوەتەوە.
سەرەڕای زەبروزەنگی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی شار بۆ زۆر بۆنەی نەتەوەیی و حیزبی تەنانەت هی پارچەکانی تریش هەڵوێستی خۆیان نواندووە و هەزینەی قورسیشیان بۆ داوە لە ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان و پەرتەوازەییڕا بگرە تا بێبەشکردنی بەئانقەستی شارەکانی کوردستان لە گەشەی ئابووری و… ئەوەی ڕاستی بێ هەرچەند شاخ و شار لە نزمترین ئاستی چالاکی خۆیاندان بەڵام بەشێوەیەکی ڕێژەیی شار لە شاخ لە پێشترە.
ڕەنگە بڕێک زوو بێ کە کاردانەوەی جووڵەی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکان هەڵسەنگێنین، بەڵام ئەم جووڵەیە نابێ وەک تاکتیکێکی کاتی بێ، بەڵکوو دەبێ ببێتە ئیستراتێژییەکی نەگۆڕ بۆ پاڵپشتی ناوخۆ. ئانالیزی دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەمان پێدەڵێن کە بەپێچەوانەی جۆری ئەم پەیوەندییە لە وڵاتانی تردا و تەنانەت لە دەیەی ٨٠ی زایینیدا، لەم ساتەوەختەدا ئەرکە قورسەکە دەکەوێتە ئەستۆی شار و بە زمانێکی سادەتر شار دەبێ جێی شاخ بگرێتەوە، بۆیە شارەکان دەبێ لە لانیکەمی زەرفییەتەکان و دەرفەتەکان کەڵکوەرگرن، نابێ هیچ پتانسییەلێک پشت گوێ بخرێ، دیارە ئەم پڕۆسەیە لە باری زەمانییەوە تاقەتپرووکێن دەبێ و گرفت و کێشەی ئەمنی بەدواوەیە، بەڵام ئەگەر قەرارە ئەم گۆمە مەندە بشڵەقێ بێقوربانیدانی شار و شاخ مسۆگەر نابێ هەرچەند دڵتەزێنیش بێ!