لاوێکی کورد، خەڵکی ورمێ بە هۆی هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان دەسبەسەر کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕێبەندان، لاوێکی کورد بە ناوی “ئەمیر موجیب” کوڕی “عەلی” و خەڵکی ورمێ، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.
جێی ئاماژەیە، ئەو لاوە کوردە، بەهۆی ئەوەی کە ئاڵای کوردستانی پێ بووە، لە ناوچەی سۆما و برادۆست دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەست بەسەر ماشین و کەلوپەلی ناوبراودا گیراوە .
شایانی باسە ،تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو لاوە لەبەر دەستدا نییە.
جێی بیرهێنانەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، خوێندکارێکی دیکەی کورد بە ناوی “موحسین ئەحمەدزادە”، خەڵکی شنۆ، لە سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کرا و لە چارەنووسی هەواڵێک لەبەردەستدا نیە.
شایانی باسە، دەسبەسەرکران و ڕاگواستنی لاوان و هاونیشتمانییانی کورد بۆ بەندیخانەکان بە بیانووی جۆراوجۆر و لەسەر داواکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.











