زیندانییەکی سیاسیی کورد، لە زیندانی ورمێ لە مافی چاوپێکەوتن بێبەرییە.
زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی “حوسێن عوسمانی” کوڕی “ساڵح”، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ دەسبەسەر کراوە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیەوە ماوەی ٦ ساڵە لە هەر چەشنە چاوپێکەوتن و سەردانێک بێبەری کراوە.
جێی ئاماژەیە، ناوبراو لە ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و پاش مانەوەی ساڵێک لە بەندی تاکەکەسی ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئەحمەد جەوادی کیا” لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی “سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە”، بە تۆمەتی “دانانەوەی بۆمب و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم”، حوکمی ئێعدامی بەسەرداسەپا.
شایانی باسە،حوکمی ئیعدامی ئەو بەندییە سیاسییە، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ کەم کرایەوە.











