چوار لایەنی ئۆپۆزیسیونی ئیرانی بایکۆتی یازدەیەمین دەورەی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامییان کردو داوایان لە خەڵکی ئێران کرد کە بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن.
لەدرێژەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ٤ حیزب و لایەنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، یەکیەتی کۆماریخوازانی ئێران ، حیزبی چەپی ئێران (فداییان خەلق)، ڕێکخراوەکانی بەرەی نەتەوەیی ئێران و هاوپەیمانیی کۆماریخوازانی ئێران، لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیان بایکۆت کرد و داوایان لە خەڵکی ئێران کرد کە چیدیکە فریوی هەڵبژاردن نەخۆن و ماوەی دەسەڵاتداری ئاخوندەکان درێژ نەکەنەوە و نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
شایانی باسە کە لە نێوخۆی ئێران و لەدەرەوەش بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسی ، مەدەنی ، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیشەوە بەردەوامە و لەو ڕاستایەدا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ماوەیەک لەمەوبەر داوای لە خەڵکی ئێران و کوردستان کرد کە دەنگدان بایکۆت بکەن.











