نیوەی کرێکارانی ئێران لانیکەمی ئەو حەقدەستەیان دەدرێتێ کە لە قانوونی کاری وڵاتدا هاتوە.
غوڵامرەزا عەبباسی، سکرتێری گشتیی کانونی بەرزی ئەنجومەنە سینفییەکانی کرێکارانی ئێران دەڵێ لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران لە ئێران ٧١٢ هەزار تمەنە، بەو حاڵەش نیوەی کرێکارانی ئێران کەمتر لەوەندەش وەردەگرن، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە تێچووی ژیانی مانگانەی هەر ماڵێک بە تایبەت لە شارە گەورەکان سەروو سێ میلیۆن تمەنە.
غوڵامرەزا عەبباسی دەڵێ حەقدەستی کرێکارانو ئەوەندە موچەیەی وەریدەگرن بەشی ١٠ ڕۆژ لە مانگێکدا ناکەنو سەرەڕای دروشمەکانی حەسەن ڕوحانی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵام هیچ ئالوگۆرێک بەلایەنی باشیدا لە ژیانی کرێکاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕووی نەداوە.
حەسەن حەفدەتەن، بریکاری وەزارەتی کاریش پێش لەوە رایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٨٤ ی هەتاوییەوە تا ئێستا توانای کڕینی کرێکاران تا ئاستی دوو لە سێ لە کەمی داوە و دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن پەرەی بە نیگەرانیی ئەوان داوەو زۆر لە بنەماڵەی کرێکاران توانای ناونووسیی منداڵەکانیان لە قوتابخانەو زانکۆکانو دابینکردنی تێچووی خوێندنی ئەوانیان نییە.
وەک ئەو دەڵێ لە پاییزدا زۆر لە بنەماڵەی کرێکاران بەجێی ئەوەی خۆشحال بن خەمی چوونە قوتابخانەی منداڵەکانیان دەبێتە دەردی سەرباری دەردان، چونکی دەبێ لە خەمی دابینکردنی تێچووی خوێندنی ئەواندا بن، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زۆر لەوان تەنانەت توانای ناونووسیی منداڵەکانیان لە قوتابخانە بەهۆی وەرگرتنی شەهرییەی زۆرەملێ نییە.