سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیم بۆ بازاڕگەرمیی هەڵبژاردنەکان هەڕەشە لەو کەسانە دەکا کە هەڵبژاردن دەبەنە ژێر پرسیار یا دەنگ بە نوێنەرانی ڕێژیم، نادەن.
لەبەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسان کارتی سووتاوی دەیان ساڵەیان دێننەوە گۆڕەپانەکە ودەیانهەوێ بە گاڵتەجاڕیی دووبەرەکیی بەرپرسانی ڕێژیم خەڵک بۆ دەنگدان ڕاکێشن.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی لە وتارێکدا هێرشی کردە سەر ئەوانەی کە بە هەر شێوەیەک هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم دەبەنە ژێرپرسیارەوە و بە ناتەندروستی دەزانن، دیارە بێجگە لە هەڕەشە لە خەڵکی ناڕازی، بەشێکی قسەکانیشی ڕوولە ڕۆحانی سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە لەم دواییانەدا لە دژکردەوە بە ڕەتکردنەوەی بەشێکی زۆر لەو کەسانەی ناویان بۆ بەربژێری نوێنەرایەتی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران نووسیبوو، گوتبووی کە هەڵبژاردنەکان خەریکە دەبێتە دەستنیشانکردن و واتای هەڵبژاردن نادا.
جێگای ئاماژەیە کە ئەحمەدینژادیشیان بۆ گەرمترکردنی بە قەولی خۆیان تەنووری هەڵبژاردنەکان هێناوەتەوە مەیدان، بەڵام ئەمجارە پێناچێ بتوانن وەک جارانی پێشوو خەڵک چەواشە بکەن.
شایانی باسە کە ئەمە بە گشتی سیاسەتی دەیان ساڵەی ڕێژیمە کە هەرساڵە پێش هەڵبژاردن دەبنە دووبەرەوە و قسە بە یەکتر دەڵێن و دژی یەکتر دەوەستنەوە، بەڵام لە سیاسەتی دوای هەڵبژاردندا سەبارەت بە مافەکانی گەلانی ئێران و دنیای دەرەوە. هەرهەموویان یەک ئامانج و یەک ڕوانینیان هەیە.
خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە ئاستێک کە بە هیچ شێوەیەک کۆماری ئیسلامیان ناوێ و خوازیاری وەلانان و نەهێشتنی دەسەڵاتی ئاخوندەکانن لە ئێراندا.