عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئێمە هەڕەشە لە هێچ وڵاتێک ناکەین و لەناوچوونی هیچ ولاتێکمان ناوێ.
ڕۆژی شەممە، ١٢ـی ڕێبەندانی ١٣٩٨ـی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی هێزەکانی هەوا-فەزای کۆماری ئیسلامی لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا، خامنەیی هەندێک باس و بابەتی بە قازانجی ڕێژیمەکەی باس کرد کە لە بەشێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە هیچ وڵاتیک ناکا و نایەوێ هیچ دەسەڵاتێک و وڵاتێک لەناو بچێ.
بەو شێوەیە کە لە ماڵپەڕی خامنەییدا نووسراوە، باس لەوە دەکرێ کە خامنەیی ڕایگەیاندووە ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین. بەڵام ئەوەیکە لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو جارێ درۆ و چەواشەی کردەوەکانی خۆی، دەنگی لایەنگرانی خۆی دەگۆڕێ و پاساو بۆ هەموو کردەوەیەکی نەشیاو دێنێتەوە. کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە درووشمی” مرگ بر آمریکا” سەر دەدا و خوازیاری لەناوچوونی ئیسراییل و ئەمریکایە و دژ بە وڵاتانی عەرەبی کار دەکا. بە کار و کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی وڵاتانی ناوچەی تێکداوە و هێزێکی زۆری سەربازی و بەشێکی هەرە زۆری لە بوودجەی وڵاتەکەی بۆ ئەو دیوی سنوورەکان تەرخان کردووە.
لە کاتێکدا خامنەیی باس لە پاراستن و بەهێزبوونی ڕێژیمەکەی دەکا کە کۆمەڵێک لە کادر و ئەفسەرەکانی بەشی هەوایی ئەرتەش لەگەڵی کۆبوونەتەوە، بەڵام لە جێگاکانی دیکەوە قسەکان و بڕیارەکانی بەو شێوەیە نین. کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە کە بە ئاژاوە نانەوە، دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە دەکا. کەواتە، ڕێژیمێکی فێڵبباز، بە ڕێبەریی ئاخوندێکی دیکتاتۆر، هیچکات نابێتە جێگەی دڵخۆشیی خەڵک و تا ئەو ڕێژیمە هەبێ گەلانی ئێران ئاشتی و ئاسایش بە خۆیانەوە نابینن.