لەم مانگانەی دوایی دا ژمارەیەک هاودەستو هاوکاری دەزگاو دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، گوشاریان بۆ لاوانی ناوچەی باراندوز هێناوە بۆ بوونە بەسیجو هەڵگرتنی چەکی خەیانەت.
لە گوندەکانی سیدەک، ساعەتلوو، شێخمەزار، نەڕەلە، گەزنەکێش و چەند گوندێکی دیکە، ژمارەیەک بەکرێگیراو و هاودەستی سوپا و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی کە لە حوزوور و جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەی دیموکرات لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان زەندەقیان چووە، گوشار بۆ لاوەکان دێنن کە بچنە ڕیزی بەسیجو چەک هەڵ بگرن. ئەو خۆفرۆشانە، مزگەوتەکان کە شوێنی عیبادەتو خواپەرەستین، کردوویانن بە بنکەی بەسیجییەکانو خۆفرۆشەکانو، لە نیو مزگەوتەکاندا کۆڕو کۆبوونەوە بۆ پیلانگێڕی لە دژی بزووتنەوەی کوردستانو خەڵکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەری ناوچەکەیان دادەنێنو بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیشیانو هەروەها بە مەبەستی ڕاووڕووتی خەڵکی زەحمەتکێش لە سەر ڕێگاکانی گوندەکانی ناوچەی باراندووز، کەمین دادەنێنەوە.
ئێمە لە کاتێک دا داوا لە لاوانی وریاو خەباتگێڕی ئەم ناوچەیە دەکەین، تەسلیمی گوشارو هەڕەشەو مانۆرەکانی ئەو ژمارە خۆفرۆشە نەبن، بە هاودەستە خۆفرۆشەکانی ئیتلاعاتو سوپای پاسداران لەم ناوچەیە کە ناوەکانیان لای ئێمە پارێزراوە، ڕادەگەیەنین دەست لە ڕێگری و گوشارهێنان بۆ سەر لاوانی ناوچە هەڵ بگرن، واز لە هاوکاریی دەزگا جینایەتکارەکانی وەک سوپا و ئیتلاعات و بەسیج بێنن. ئەگەر لە سەر خۆفرۆشی و خەیانەت بەردەوام بن هەم ناوەکانیان لەقاو دەدەین و بە خەڵکیان دەناسێنین، هەم پیلانگێڕی و تاوانەکانیان بەرپەرچ دەدەینەوە.
ستادی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپارێزگەی ورمێ
٢١ی خەرمانانی ٢٧١٥
١٢ی سێپتامبری ٢٠١٥