دەستەیەکی حقوقیی کانادایی، شکایەتیان لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردووە.
ڕۆژی هەینی، ١٨ـی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، کە دەستەیەک لە پارێزەرانی کانادایی، لەلایەن بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکانی فڕۆکە ئوکراینییەکەوە، سکاڵایان بەدژی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە کانادا تۆمار کردووە. هەروەها داوای ١ میلیارد و ١٠٠ میلیۆن دۆلاریان بۆ قوربانییەکانی ڕووداوەکە کردووە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ناڕازیی سەرەکی پەروەندەکە، بنەماڵەی یەکێک لە قوربانییەکانە و بەهۆی ئەمنییەتی بوونی دۆخی بنەماڵەکەیەوە ناوی کەسی نەبردووە. شایانی باسە کە ٥٧ کەس لە قوربانییەکان شارۆمەندی کانادایی بوون و ئەوانی دیکەش، ئیقامەتی هەمیشەیی کانادایان هەبوو.
ئەو دۆسیە جەزاییە لەلایەن کۆمەڵێک لە پارێزەرانی کاناداییەوە بۆ نموونە”مارک ئارنۆڵد”ـەوە بەڕێوە دەبرێ. ناوبراو توانیویە لە پەروەندەی داراییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کانادا ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێ و دارایەکانی ئەو ڕێژیمە بلۆک بکا.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کە ڕۆژی ١٨ـی بەفرانباری ١٣٩٨ـی هەتاوی، سپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک، فڕۆکەی ٧٥٢ـی ئوکراینی خستە خوارەوە و ١٧٦ کەس لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا. سێ ڕۆژ دواتر، سپای پاسداران ڕایگەیاند کە ڕووداوەکە نەخوازراو بووە و بەهۆی هەڵەی ئینسانییەوە بووە.
هەر بەو بۆنەوە، پارێزەرانی کانادایی نامەیەکی سەرئاوەڵایان بۆ “جاستین ترۆدۆ” سەرۆک وەزیرانی کانادا نارد و داوایان کرد ک پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ڕابگرێ. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێبەندی هیچ یاسایەکی مافی مرۆڤ نییە و کارکردن و پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاوانێک بەو گەورەییە، وەکوو دۆسییەیەکی بێ کێشە کۆتایی پێ بێ و گیانی قوربانییەکان بەلایانەوە گرینگ نەبێ.