پزیشکێکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ڕووداوێکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
پزیشکێکی کورد بە ناوی دوکتۆر فەرهاد سوهرابی خەڵکی ناوچەی داڵاهۆی کرماشان، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا و بە شێوەیەکی گوماناوی لە یەکێک لە جاددەکانی پارێزگای کرماشاندا گیانی لەدەستدا.
دوکتور فەرهاد سوهرابی یەکێک لەو دوکتۆ رانە بوو کە زۆرجار بێ بەرانبەر نەخۆشەکانی دەبینی و هاوکاریی خەڵکی هەژاری دەکرد. ناوبراو کەسێکی خۆشناو و دڵسۆزی یارسانی بوو.
ناوبراو ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە نامەیەکدا بە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی کە بێڕێزی بە پزیشکانی ئێران کردبوو، زۆر بە ڕاشکاوی هێرشی کردبووە سەر ڕۆحانی و بە کەسێکی درۆزن و بێبەڵێن و شکستخواردوو ناوی بردبوو و ڕەخنەی توندی لە سەرۆککۆماری و دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە گرتبوو، هەر بۆیە لە لای خەڵک گومانیان هەیە کە ڕووداوی هاتۆچووەکە و نەخۆشیەکەی بە ئەنقەست کرابێ و مەبەست کوشتنی دوکتور سوهرابی بووبێ.











