چوار سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا داوا دەکەن کە لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عەلی خامنەیی و جەواد زەریف دابخرێن.
چوار نوێنەری کۆماریخوازی ئەمریکایی لە کۆبوونەوەی سێنای ئەمریکا، لە نامەیەکی هاوبەشدا کە بۆ “جەک دورسی” بەرپرسی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسیبوویان، داوایان کردبوو کە لاپەڕەکانی عەلی خامنەیی و جەواد زەریف لەسەر تویتێر دابخرێن.
”تێد کورووز”، “تام کاتن”، “مارشا بلاکبێرن” و “مارکۆ ڕۆبیۆ” لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە خامنەیی و زەریف لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان و پێویستە کە لاپەڕەکانیان لەسەر تویتێر ببەسترێن. مانگی ڕابردوو، تێد کورووز و تام کاتن، لەگەڵ دوو سێناتۆری دیکەی کۆماری خواز لە نامەیەکدا داوایان لە “ویلیام بار”، دادستێنی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردبوو کە گرینگی بە تۆمەتەکانی “نایاک” (شوورای نەتەوەیی ئێرانییەکانی ئەمریکا) بدات و پێداچوونەوەی پێدا بکات. لەو نامەیەدا باس لەوە کرابوو کە “نایاک”، لۆبیگەریان کردووە کە جەواد زەریف لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بێ و، ئەو چەند سێناتۆرە کاری “نایاک”یان بە پێشێلکردنی یاسا ناو بردووە.