بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ٢١ ڕۆژنامەوان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکراوە.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردۆتەوە کە لانیکەم ٢١ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکراوە.
ئەو سەرچاوەیە لە زاری ڕۆژنامەنووسانەوە کە بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کراون، بڵاوی کردۆتەوە، مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە پاش بێڕێزیکردن بە ڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر دەیانهەوێت ١٠ ساڵی داهاتووی ژیانیان لە زیندان تێنەپەڕێت، زیندوو بمێنن، دەبێ زاریان ببەستن و ئەکاونتەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دابخەن.
لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، لە سەرانسەری ئێراندا، لانیکەم ٢١ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی کە ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو ڕووداوە داوە یان ڕەخنەیان گرتووە، بانگهێشت یان دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری ئازادی ڕادەربڕیندا لەو وڵاتانەیە کە لە ڕیزبەندی سەرەوەی پێشێلکردنی ئازادی بیروڕایە و ئەم وڵاتەی کردووە بە یەکێک لە وڵاتانی مەترسیداری دنیا بۆ ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران و بە گشتی ڕادەربڕینی خەڵکی ئێران.