یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی مەریوان لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە مەحکووم و ڕەوانەی زیندان کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”، “گۆران قوربانی”، چالاکی مەدەنیی مەریوانی و یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ئەنجومەنی “سەوزی چیای” مەریوان، لە کاتێکدا کە لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا لە لایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی “بانگەشە بەدژی نیزام” ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپابوو، لە دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی لەسەر حوکمەکەی، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوە حوکمی زیندانیەکەی لە یەک ساڵ زیندانی بۆ ٥ ساڵ زیاد کراو بۆ زیندان ڕاگوێزرا.
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گۆران قوربانی، ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۷ی ڕێبەندانی ۹٨، بۆ کێشانی ماوەی ٥ ساڵ زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کراوە.
شایانی باسە ناوبراو لە ڕۆژی ۲۳ی پووشپەڕی ۹٨ لەگەڵ چوار هاونیشتمانی دیکەی مەریوانی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەسبەسەر کرابوون و پاش چەند مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد ببوون.











