بە پێی زانیاریە بڵاوکراوەکان ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە گەیشتوەتە ٦٣٨ کەس.
بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراوەکانی حکومەتی چین، تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبوون بەم ڤایرۆسە زیاتر لە ٣٠ هەزارحاڵەت تۆمارکراوەو هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە گەیشتوەتە زیاتر لە ٦٣٠ کەس.
هەروەها ئەو پزیشکەش گیانی لەدەستدا کە پێشتر هۆشداری بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنای دابوو.
لە لایەکی تریشەوە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو کەشتییەکەی ژاپۆن سێ هێندە زیادی کردوەو ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسەکە بۆ ٦١ کەس بەرزبووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، کە چەند رۆژێکە بەمەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا، کەشتییەکی ژاپۆنی کە هەڵگری نزیکەی ٣٧٠٠ سەرنشینە لە بەندەری یۆکۆهاما لە ژاپۆن ڕاگیراوەو ڕێگە نادرێت سەرنشینەکانی لە کەشتییەکە دابەزن.
حکومەتی ژاپۆن هەر لەیەکەم ڕۆژەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی سەرنشینەکان ڕێگری کرد لە دابەزینیان ،بەڵام بە پێی زانیارییەکان لەسەرەتا تەنیا نزیکەی ١٠ کەس هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بوون، بەڵام ئێستا ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسەکە گەیشتوەتە ٦١ کەس .
شایانی باسە بەپێی ئامارەکان ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسەکە لە زیاندبووندایە و تا ئێستا چارەسەرێکی گونجاو بۆ لەنێوبردنی ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە کە سەرەتا لە شاری ووهانی چینەوە سەریهەڵداوە.