کۆشکی لۆکزامبورگ لە پاریس میوانداریی کۆرێک دەکا کە بۆ باس لەسەر کەسایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریی شەهید د. قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکدێ.
لەم سمینارەیەدا کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕێبەندان (١٧ی فێورییە) پێکدێ، چەند کەسایەتییەکی سیاسی و ئاکادیمیی کورد، ئێرانی و بیانی بەشداران و لەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی شەهید د. قاسملوو باس و وتاریان دەبێ.
ئەم سمینارە بە دەسپێشخەریی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس و هاوکاریی چەند لایەنێکیتر بەڕێوە دەچێ. مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، عەبدوڵلا موهتەدی، مستەفا هیجری، عەدنان مفتی، د. حەسە شەتەوی، هیدایەتوڵڵا مەتین دەفتەری، عەبدولکەریم لاهیجی، ناسر پاکدامەن و چەند کەسایەتییەکی سیاسیی و ئاکادیمیی دیکە لەم سمینارەدا وتار و باسیان دەبێ. هەروەها چەند مێزگردێک بۆ تاوتوێی کەسایەتیی و ڕۆڵی د. قاسملوو لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرجەستەکردنی پرسی کورد لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێک دێن کە د. بێرنارد کۆشنێر، ژیرار شالیان، ئالێن شنال، فلۆرانس ڤێبر، کارۆل پرۆنهۆبێر و چەند کەسایەتییەکی بیانیی دی تێیدا بەشدار دەبن.
“کوردستان و کورد” لەداهاتوودا زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم سمینارە بڵاو دەکاتەوە.