ڕێوڕەسمی ” بێڵندانە ” کە یەکێکە لە بۆنە کۆن و مێژوویەکانی گەلی کورد لە “هەڵوێ” ی سەردەشت بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ١٦ی ڕێبەندان، بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و خەڵکی شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، ڕەبەت، نەڵاس، بانە و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە ڕێوڕەسمی بێڵندانە بەڕێوەچوو .
شایەنی باسە ،بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە توانیان بەرنامەیەکی سەرنجڕاکێش بەڕێوە ببەن و کەسانی دڵسۆز و دڵ پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەریی هەستی کوردانەی خۆیان بە شێعر و پەخشان دەربڕی.
بێڵندانە کە لە دوو وشەی بێڵ و دانان پێک دێ ، چل ڕۆژ دوای تێپەڕینی زستان بەڕێوە دەچێ و یەکێک لە ڕێوڕەسمە کۆنەکانی کوردەوارییە کە چەند ساڵێکە لە لایەن خەڵکی دڵسۆزو چالاکوانانی فەرهەنگی و هونەرمەندانەوە بۆ زیندوو ڕاگرتنی ڕێوڕەسمە دێرین و نەتەوەییەکان هەوڵ دەدرێت بە شکۆیەکی گەورەوە ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە ببەن.
بێڵندانە چەند ساڵێکە لە گوندەکانی سەردەشت، مەکۆی کوردایەتی و قارەمانەتی بە شکۆیەکی تەواوە بەڕێوە دەچێ.
بێڵندانە فڕێدانی بەرگی خەم و سەرما و موژدەی بەهاری سروشتەو تەمەنی سەرما بەرەو کۆتایی دەچێ و سەوزایی پەیامی بەهار و نەورۆز بۆ خەڵک دێنێ.











