سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆنگرەی ئەمریکادا باسێکی لەسەر ئابووریی ئێران و کوژرانی قاسم سلێمانی کرد.
دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی چوارشەممە، ٥ـی فێورییە لە وتارێکدا لە کۆنگرەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئێمە داکۆکی لە کوشتنی قاسم سلێمانی دەکەین و لەسەر ئەو باوەڕەین کە قاسم سلێمانی مۆرەیەکی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ لەناوبردنی ڕەقیبەکانیان لە وڵاتانی ناوچەکە. ترامپ لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە قاسم سلێمانی بە دەستی هێزە ئەمریکاییەکان کوژراوە و وەکوو جەنایەتکار و قاتڵێک لە وڵاتانی ناوچە خەریکی تەڕاتێن بوو. کەسانێکی بێ گوناحی بێ هیچ تاوانێک کوشتووە و پێویست بوو بە سزای تاوانەکانی خۆی بگا.
جێگای ئاماژەیە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی ئەمریکادا باسێکی لەسەر دۆخی نێوخۆی ئێران کرد و وتی:” ئابووریی ئێران بە دۆخێکی قەیراناویدا تێدەپەڕێ و ئێمە لەگەڵ وڵاتی چین کە بازرگانییەکی زۆری لەگەڵ ئێران هەیە پەیماننامەی بازرگانیمان ئیمزا کردووە، کە ئەوەش لە داهاتوودا کاریگەریی زیاتری لەسەر بەشە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی ئێران دەبێ”. هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی دەبێ دەست لە چەکی ناوکی و وزەی ئەتۆم هەڵبگرێ.
شایانی باسە کە دۆناڵد تڕامپ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆری داوە کە گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر کۆماری ئیسلامی و هەموو دەستە و تاقمە پێوەندیدارەکانی ئەو ڕێژیمەدا بسەپێنێ و ئێستا، دوای تێپەڕ بوونی نزیک بە دوو ساڵ لە گەمارۆکان، کاریگەرییەکەی دەرکەوتووە و جومگەکانی ئابووریی ئێرانی تووشی داڕمان کردوە.