چالاکی مافی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسی “نەرگس محەممەدی” لە پەیامێکدا کە لە بەندیخانەوە ناردوویەتە دەرەوە، دەڵێ: “بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەک نابێ دەنگ بدەین”.
نەرگس محەممەدی خەڵکی زەنجان، چالاکوانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوان، ئەندام وجێگری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران کە لە ساڵی ٨٨ی هەتاوییەوە چەند جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکراوە و ئاخرین جار ساڵی ٩٣ی هەتاوی بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و داکۆکی لە مافی چەند بەندکراوی سوننی مەزهەب و چەند تاوانی بێبنەمای دیکە بە ١١ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا و ئێستاش لە زیندانی زەنجاندایە.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەریدا چەندجار لە لایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە خەڵاتی مافی مرۆڤی پێبەخشراوە و بە پێچەوانەشەوە لە لایەن بەرپرسان و ئەشکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامییەوە لە زیندان کەوتۆتە بەر ئازار و ئەشکەنجەو تەنانەت لە مافی چاوپێکەوتنی منداڵەکانیشی بێبەشکراوە و لە بەندیخانەدا بێڕێزی پێکراوە.
نەرگس محەممەدی لە تازەترین پەیامی خۆیدا لە زیندانەوە لە گەڵ ئاماژەدان بە سەرکوت و زوڵمی دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێویستیی خەباتی مەدەنی و چالاکیی مافخوازانەی خەڵکی ئێران بەدژی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆیە، داوا لە خەڵکی ئێران دەکا چیدیکە فریوی ئاخوندەکان نەخۆن و بە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ماوەی دەسەڵاتدارییان درێژ نەکەنەوە و دەڵێ بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادیی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ (٩٨)ی هەتاوی بە مەدەنیانەترین شێوە ناڕەزایەتی خۆمان لە هەمبەر زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەرببڕین و دەنگ نەدەین و لەم شانۆگەرییانەی ڕێژیمدا بەشداری نەکەین.