ڕاوێژکاری یەکەمی دەوڵەتی ڕووحانی دەڵێ: “بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانین یەک دۆلار لە پارەی خۆمان لە وڵاتانی دیکە جێبەجێ بکەین و ئەوە کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکایە”.
دوای لێدوانەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بەوەیکە گەمارۆکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئێران و دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە نەبووە و نییە، ئیسحاق جەهانگیری ڕاوێژکاری یەکەمی حەسەن ڕووحانی، ڕایگەیاند کە ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانێ هیچ پارەیەک لە وڵاتانی دیکەوە بێنێتە نێوخۆی ئێران یان تەنانەت دەرمان و خواردنی پێ بکڕێ.
هەواڵدەریی “ئیسنا” ڕۆژی سێشەممە، ١٦ـی ڕێبەندان بڵاوی کردەوە کە ڕاوێژکاری یەکەمی حەسەن ڕووحانی ڕایگەیاندووە، چەندین میلیارد دۆلار پارە و سەرمایەمان لە وڵاتانێک وەکوو کورە و ژاپۆن و چەندین وڵاتی دیکە هەیە بەڵام ناتوانین یەک دۆلار لە پارەی ئێران لەو وڵاتانە هەڵگرین چوونکە ئەمریکاییەکان ڕێگە نادەن. ئیسحاق جەهانگیری لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەمارۆکانی ئەمریکا هەر لە جێگەی خۆیانن و خراپتر و قورستر لە گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یا یەکیەتیی ئورووپان و کاریگەریی زۆریان لەسەر ئابووریی ئێران داناوە.
شایانی باسە کە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر زۆربەی بەشە ئابوورییەکانی ئێران کاری کردووە و بووەتە هۆی داڕمان و تێکچوونی ئابووریی ئێران. قسەکانی ئیسحاق جەهانگیری وەکوو ڕاوێژکاری یەکەمی حەسەن ڕووحانی لەحاڵێکدایە کە ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: “گەمارۆکانی ئەمریکا هیچ کاریگەریی لەسەر ئێمە نەبووە”. خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیران دەیانهەوێ بە چەواشەکردن خەڵک بەلاڕێدا ببەن و کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووریی ئێران کەمڕەنگ نیشان بدەن.