چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەرکرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری سنە “هێرش خوسرەوی، چالاکوانی مەدەنی دانیشتووی شاری سنە و” خەڵکی گوندی” زەنان “ی سەر بەو شارە، لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر دەکەن و ڕەوانەی شوێنێکی نادیاری دەکەن.
شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لەدەسبەسەرکردنی ناوبراو و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هێشتا هۆکار و شوێنی دەسبەسەرکردنی “هێرش خوسرەوی ” نادیارە و بنەماڵەکەشی تا ئێستا لەبەر هەڕەشەی هێزەکانی ڕێژیم نەیانوێراوە دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان ئاشکرا بکەن و هیچ زانیارییەکیشیان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە وەدەست نەکەوتوە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و هیچ پێوەرێکی مافی مرۆڤ لە بەرچاو ناگرێ و نەیگرتووە و بەردەوام ویستوویانە خەڵکی ئێران سەرکوت و بێدەنگ بکەن و لە ڕێگەی کوشتن و سێدارە و زیندانەوە ویستوویانە دەنگی هەقخوازانەی گەلانی ئێران کپ بکەن.











