لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆڵبەرێک بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی کەوتە خوارەوەو بریندار بوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٩٨ ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “محەممەد ڕەحمانی”، خەڵکی گوندی “لۆن ساداتی” کامیاران، لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان کەوتە خوارەوەو بریندار بوو.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە نزیک سنووری پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان، لە بەرزایی دەکەوێتە خوارەوەو تووشی خوێنڕێژی دەبێ و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت وبە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەگوترێ باری تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە نالەبارەو پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە هەر ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “عوسمان فتووحی” ناسراو بە “عوسمانی عەلی مینا”، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “میشاو” دانیشتووی شاری سەقز، بەهۆی سەرماوە گیانی لە دەستدا.
هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی “ئەمیر کەریم زادە” خەڵکی گوندی “دەرەزیارەت” و “ئەمیر تورجانی” لەگەڵ “عوسمان فتووحی” بوون کە ئەوانیش بەهۆی بەفر و سەرماوە تووشی نەخۆشی بوون.
شایەنی باسە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران کە بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان بە ناچاری ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، یان بەربوونەوە لە بەرزایی و ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.











