چوار چالاکی مەدەنیی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی ڕێبەندان سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی “سمکۆ مەعرووفی، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری”، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران. لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی ڕێبەندان، “ژاکا ئیسماعیل پوور” هاوژینی “هومەن فەیزی” و چالاکێکی دیکەی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، بۆ کێشانی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.
جێی ئاماژەیە، لقی ١٠١ی دادگای سزادان لە بۆکان تۆمەتی ” تێکدانی نەزمی گشتی بەهۆی بەشداری کردنیان لە کۆبوونەوەی نایاسایی” داوەتە پاڵ ئەو چوار بەند کراوە سیاسییە کوردە و لەو سۆنگەیەوە حوکمی زیندانی بەسەردا سەپاندوون.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، “سمکۆ مەعرووفی” بە دوو ساڵ زیندان حوکم درا و هەروەها کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی “ژاکا ئیسماعیل پوور، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری”، ڕۆژی ١ی بەفرانبار بەڕێوە چوو و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباردا، حوکمی داسەپاو بەسەر ئەو سێ هاووڵاتییەدا، ڕاگەیەندرا.
بەپێی ئەو حوکمە، “ژاکا ئیسماعیل پوور”، بە سێ مانگ، “هومەن فەیزی” بە چوار مانگ و “شاهۆ خزری” بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.
شایانی باسە ئەم چوار چالاکە کوردەی خەڵکی بۆکان ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر، پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەسبەسەر کران و دواتر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران. ئەوان دواتر و ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران.











