شاندێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سهردانی دەفتەری سەرۆک کۆماریی ئوتریشی کرد.
لە درێژەی دیدار و سەردانەکانی هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوتریش، رۆژی پێنجشهممه، ١٩ ی خهرمانان (١٠ی سێپتامبری ٢٠١٥ی زایینی)، بە سەرپەرستیی کاک مستەفا شڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسیو بەرپرسی کومیتەی بەرێوەبەری دەرەوەی وڵاتو بە هاوڕێیەتی كاک خدری هەمزە نیژاد، بەرپرسی کومیتەی ئوتریشو دکتور عەلی مازوجی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لەو وڵاتە، سەریان لە دەفتەری سەرۆک کۆماری ئوتریش داو و لەگەڵ دوکتور فرۆیدن شوس، سەرۆکی کابینەی سەرۆکایەتیی کومارو خاتوو کاترین بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی پاڕلمانی ئهو وڵاته دیدارو وتووێژیان کرد.
لەو دارهدا کاک مستهفا شەڵماشی باسێکی لە سەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەراست، کوردستانو ئێران پێشکەش به هەیئەتی خانەخوێ کردو لەو باسانەدا مەسەلەی پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانو کوردستان بههۆی رێژیمی کوماری ئێسلامی، پرسی کورد بە گشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست به تایبهت له ئێراندا، شەری دژە تێرورو ڕۆڵی هێزەکانی ناوچەو جیهان هاتنە بەرباس.
بابهتێکی دیکە کە لەو دیدارەدا هاتە بەرباسو ماوەیەکی دوورودرێژە بە هەڵپهسێراوی ماوەتەوە، پهروەندەی تێروری شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵا قادری ئازەر بوو کە داوا لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئوتریش کرا یارمەتیدەر بێ لە زیندوکردنەوەی ئەو پەروەنەیەو بەرێوەبردنی عەدالەت لەو پێوهندییهدا.
دوابەدوای قسهکانی کاک مستەفا شهڵماشی، هەردووک ئەندامی هەیئەتی ئوتریش سپاسی هەیئەتی حیزبیان کردو چەندین پرسیاریان سەبارەت بە دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڕاستەی وەفدی حیزب کردو پاش وەڵام دانەوەی پرسیارەکان ئەو هاوکارانەی سەرۆک کۆماری ئوتریش باسی سەفەری سەرۆک کۆماری ئوتریش بۆ ئێرانیان کردو رایانگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئوتریش لەو سەفەرەدا مەسلەی مافی مروڤی لە گەڵ کاربەدەستانی باڵای ئێرانی هێناوەتە بەرباسو داوای کردوه کە قانوونهکانی ئێران ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆیان تێدابکری کە لەگەڵ یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان یەک بگرنەوە. لە سەر پەروەندەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملۆش ئاماژهیان بەوەکرد کە ئەوە پەروەندەیە بابهتێکی قەزایییەو پێویستە وەزارەتی داد پێ رابگا.
هەر هەمان رۆژ هەیئەتی حیزب سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی له ئوتریش کردو و لە لایەن دوکتور مستەفا رەمەزانەوە پیشوازیی لێ کرا.
لەو دیدارەدا باس لە سەر پرسی کورد بەگشتیو پێوەندی هێزو لایەنە کوردستانییهکان بە تایبەتی کراو هەردووک لا بوچۆنیان ئەوە بو کە پێویستە هێزە کوردستانییەکان هاوکاری یەکتر بکەنو بە تاێبەتی لە دەرەوەی وڵات بۆ ناساندنی مەسەلەی کوردو لۆبیگەری بۆ مەسەلەی نەتەوە یی بەیەکەوە هەنگاو هەڵێنن.
لە درێژەی دیدارو چاو پێکەوتنەکانی هەیئەت دا، لەگەڵ دوو رۆژنامەی بەناوبانگی ئوتریشی، واتە رۆژنامەی کۆریر و دی پریسە، وتووێژێکی ڕۆژنامەنووسی بۆ کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕێکخرا.