بە تێپەڕبوونی نزیک بە سێ مانگ لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر تا ئێستا بەشێکی بەرچاو لە هاونیشتمانیان کە لە پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کراون ئازاد نەکراون.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، یەکێک لە دەسبەسەر کراوەکان کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە زیندان ئازاد کراوە، لە وتووێژێکدا شوناسی ٩ کەس لەو دەسبەسەرکراوانەی کە لەخۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، ئاشکرا کرد.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو ٩ کەسە بریتین لە “ڕەسووڵ سریلانی جەلالوەند، پەرویز کەدیوەریان، ئیحسان ، عەلی مووسا، یونس ڕەحیمی، زانیار ئەحمەدی، کەدیوەریان، میلاد و مەهدی عەبداڵی”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هاونیشتمانیی خەڵکی کرماشان کە دەسبەر کراون لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراون و لە کەمترین پێداویستییەکان بێبەشن، بە شیوەیەک کە لەبەر نەبوونی ئیمکانات و جێگا لە ڕێڕەوی زینداندا دەخەون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە تەنیا لە پارێزگای کرماشان ١٥٠٠ کەس دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە لەکاتی خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵدا کە خەڵکی ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین ڕژانە سەر شەقامەکان، و ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی خەڵک لەگەڵ سەرکوت و گرتنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەڕەوڕوو بۆوە، زیاتر لە ١٠هەزار کەس دەسبەسەر و ١٥٠٠کەسیش لە لایەن ئەو هێزە بەکرێگیراوانەی ڕێژیمەوە شەهید بوون.











