ئەنجوومەنی زانکۆکانی بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی ڕێبەندان بانگەوازێکیان بۆ خۆپێشاندانەکانی عێراق بڵاو کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٥ـی ڕێبەندان، ئەنجوومەنی زانکۆکان هاوکات لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی باڵای عێراق پێکەوە بانگەوازێکیان بڵاوکردۆتەوە و لە بانگەوازەکەیاندا داوایان لە هەموو عێراقییەکان کردووە کە سێشەممەی حەوتووی داهاتوو لە مەیدانی تەحریری بەغدا بەشدار بن. ئەو بانگەوازە دوای کوژرانی ٥ کەس لە خۆپێشاندەران کە بە دەستی هێزەکانی موقتەدا سەدر لە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندان کوژران، بڵاو کرایەوە. موقتەدا سەدر لە ئێستادا دژایەتی لەگەڵ خۆپێشاندانەکان دەکا و خەڵکیش لێی ناڕازین.
جێگای ئاماژەیە، کە بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، ڕۆژی دووشەممە لە تێکهەڵچوونی خۆپێشاندەرانی ناڕازی و کڵاوشینەکان کە لایەنگری موقتەدا سەدرن، یەکێک لە خۆپێشاندەرانی عێراق بە دەستی ئەو هێزە و بە زەربەی چەقۆ کوژراوە.
لە حاڵێکدا کە خۆپێشاندەرانی عێراقی لەگەڵ ڕاسپاردنی “محەممەد تەوفێق عەلاوی” بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕازی نین، موقتەدا سەدر خوازیاری ئەوە بووە کە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بێنن و ئەو کەسە، دیاری کراوی خەڵکە و لەگەڵ خۆپێشاندەران دژایەتی کردووە. هەربۆیە بەشێک لە خۆپێشاندەران موقتەدا سەدر بە خەیانەتکار ناو دەبەن و درێژە بە خۆپێشاندان دەدەن و بۆ حەوتووی داهاتوو خۆپێشاندانی میلیۆنی ساز دەکەن.
شایانی باسە کە بەشێکی زۆری خۆپێشاندەرانی عێراقی، خوازیاری چوونە دەرەوەی کۆماری ئیسلامین لە وڵاتەکەیان. کۆماری ئیسلامی یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی خەڵکی عێراقە و چەند جاری پێشووش لە خۆپێشاندانەکاندا خەڵکی ناڕازیی عێراق ئاوریان لە کونسوولخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەردا و وێنەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییان سووتاند.