نرخی خانوو و کرێ خانوو لەماوەی یەک ساڵدا سەتا ٤٠.٩زیادی کردووە و هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بنەماڵەکان نەتوانن خانووی خۆیان هەبێ.
بەپێی دوایین ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران کە مانگی بەفرانبار بڵاوی کردۆتەوە، نرخی خانوو لە ئێران سەتا ٤٠.٩ چووەتە سەرێ و لە هەموو شارەکانی ئێران ئەو حاڵەتە تۆمار کراوە. شارە گەورەکانی ئێران وەکوو تاران و ئیسفەهان، زیاتر لە هەموو شارەکان چوونەسەری نرخی خانوویان تێدا تۆمار کراوە.
چوونەسەری نرخی خانوو و کرێی خانوو لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بەدەست نەبوونی و بێکاری و هەژارییەوە دەناڵینن. خەڵکی ئێران لەگەڵ ئەوەی کە بە زەحمەت دەتوانن بژێوی ژیان پەیدا بکەن، چوونەسەری نرخی کرێی خانووش بۆتە یەکێک لە گرفتی گەورەی خەڵکی ئێران.
چوونە سەری کرێی خانوو لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران دیاردەیەک بە ناوی کارتۆن خەو هەیە و کەسانێکی بێکار و بێ داهات کە ناتوانن خانوو بەکرێ بگرن، بە ناچاری لە کۆڵان و شەقامی شارەکان لەکارتۆندا دەخەون و ژیانێکی سەخت و دژوار تێپەڕ دەکەن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەجێی ئەوەی کە بیرێک لە دۆخی ژیانی خەڵکی بێدەرەتان و بێ خانووی ئێران بکاتەوە، خەریکی دروست کردنی خانوو و ئاوەدان کردنەوەی وڵاتی سووریە و هاوکاری میلیشیا تێرۆریستەکانی حیزبوڵای لوبنانە و بە سامانی خەڵکی برسی و هەژاری ئێران هاوکاری تێرۆریستەکانی جیهان دەکا.