ئەفشین سۆهرابزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٢٤ ساڵ کە لە زیندانی میناب بەندکراوە، سەرەتانی ڕیخۆڵەی هەیەو بەهۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکەی مەترسیی مردنی لە سەرە.
ئەو لە نامەیەکدا بۆ ئەحمەد شەهید، ڕاپۆرتنێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ نوسیویتی تەنیا ئێسک و پێستێم لێ ماوەتەوەو بەهۆی نەخۆشییەکەم تەواو لە پێ کەوتووم. ئەو دەڵێ نەخۆشییەکەم شێرپەنجەیە و دواجار چارەنووسم هەر مردنە، ئەمن ٥ ساڵە نەخۆشم و ئەوە وەزعمە، من نامەوێ ئێوە هیچم بۆ بکەن، تەنیا زگم بە دایکم دەسووتێ کە لەگەڵ من ئەویش بە دەست دەرد و خەمەوە دەتلێتەوە و هیچ دەسەڵاتێکیشی نییە.
ئەو دەڵێ خودا خودامە بمرم، بەڵام لەو نێوەدا تەنیا خەمی دایکمە.
ئەفشین سۆهرابزادە جۆزەردانی ساڵی ٨٩ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانەوە دەسبەسەر کرا و لە لقی ٢ ی دادگای شۆڕشی شاری سنەدا بە تۆمەتی دژایەتیی خۆدا بەهۆی ئەندامەتیو هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٢٥ ساڵ زیندانو دوورخراوەیی بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.
ئەو لە نامەکەیدا هێناویەتی کە پێش گیرانو زیندانیکرانم ساغ و سڵامەت بووم، بەڵام لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەوەندەم لێدرا کە هەم لووتم شکا و هەم بەهۆی ئەو لیدان و کوتانەی مەئمورەکانی ئیدارەی ئیتلاعات فتقم تەقی.
ئەفشین سۆهرابزادە ڕوو بە ئەحمەد شەهید نووسیویەتی: بەڕێز ئەحمەد شەهید، با زۆر بە ڕوونی و بە ئاسانی پێت بڵێم کە خودا خودامە بمرم. ئەمن ساڵانێکە بە دەم دەرد و ژانەوە چاوەڕوانی مردنم، بەڵام زگم بە دایکم دەسووتێ لە من زیاتر بەو دەردەوە ئازات دەچێژێو دەستی بە هیچ کوێش ڕاناگا. ئێستاش تەنیا لەبەر دڵخۆشیی دایکمە کە ئەو نامەیە دەنووسم، هەر لە بەر ئەوەی بیسەلمێنن کە ئێوەش فەرقو جیاوازی لە نێوان کوردو غەیرە کوردەکان دانانێن، جا بۆیە چیتان بۆ دەکرێ بۆمی بکەن.