چەند ڕۆژ لەمەوبەر دەرهێنەری شانۆی ژنڕاڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، “مەنوچێهر عەبدی” نووسەر و دەرهێنەری شانۆی ژنڕاڵ، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ناوبراو پێشیان لە بەڕێوەبردنی شانۆکەش گرت.
شایانی باسە کە نمایشکردنی شانۆی ژنڕاڵ، کە لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە ساڵۆنی “سپەند”ی تاران نمایش بەڕێوەدەچوو و بڕیار بوو تا ١٨ی ئەم مانگە بەردەوام بێ، لەگەڵ دەسبەسەر کردنی دەرهێنەری ئەو شانۆیە ڕێگەی پێنەدرا بڵاو بێتەوە.
مەنووچێهر عەبدی” بە تۆمەتی تەوهین بە حەسەن ڕوحانی سەرۆککۆماری ڕێژیم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان و دەرهێنەرانی سینەما و تەلەڤیزیۆن، ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خەڵک دەربڕیوە و داوایان لەو ڕێژیمە کردوە کە کۆتایی بە زوڵم و زۆری بۆ سەر خەڵکی ئێران بێنن.