سووریەو تورکیە هێرشی ڕاستەوخۆیان بۆسەر هێزەکانی یەکتر دەسپێکرد و دەیان کوژراوی لیکەوتەوە.
سپای سووریە لە هێرشیکدا چوار سەربازی توركیەی کوشت و ژمارەیەكی دیكەشی بریندار کرد. ھاوكات توركیە ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی کرد و هەر ئەمڕۆ توركیە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی کردەسەر سووریەو دەیان سەربازی سووری کوژران و بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگری توركیە ڕایگەیاند ، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ١٤ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی ٤ سەربازیان لە ھێرشێكی سوپای سووریە بۆ سەر خاڵێكی چاودێریی لە دەوروبەری ئیدلب كوژراون و ٩ سەربازی دیكەش بریندار بوون كە برینی یەكێكیان سەختە.
لەو پێوەندییەدا ئیبراھیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیە دوابەدوای هێرشەکەی سووریە وتی: “تۆڵەی كوژرانی سەربازەكانمان لە ئیدلب دەكەینەوە و چەند کاتژمێر دوای قسەکانی ناوبراو تورکیە هێرشیکردە سەر سپای سووریە.
سەرۆک كۆماری توركیە رایگەیاند، لە وەڵامی ھێرشەكانی سووریە بۆسەر ھێزەكانیان لە ئیدلب ٢٢٢ مووشەكیان ئاراستەی سووریە كردووە و ٣٥ سەربازی ئەو وڵاتەیان كوشتووە و دەڵێ، ئەگەر پێویست بكات فڕۆكەی ئێف١٦ بەكاردێنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: “ئۆپەراسیونەكەمان لە ئیدلب بەردەوام دەبێت و لە وەڵامی ھێرشەكەی ئەمڕۆدا ٢٢٢ مووشەكمان ئاراستەی سووریا كردووە و ٣٥ سەربازی ئەو وڵاتەمان كوشتووە.
سەرۆک كۆماری توركیا ئەوەشی خستەڕوو کە نابێ رووسیە بەربەست بۆ ھێرشەكانمان لە سووریە دروست بكا.
لەلایەكی دیكەوە، روانگەی سووریە بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردۆتەوە، توركیە لە دەرگای سنووری كەفەر لوسین لە باكووری ئیدلب، تەنیا دوێنێ ٣٢٠ بارھەڵگر چەک و پێداویستی سەربازیی و لۆجستیکی ناردووەتە سووریە كە بەرەو ئیدلب و حەلەب نێردراوە.
شایانی باسە کە سووریە هێشتا هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە بڵاونەکردۆتەوە بەڵام سووریە و ڕووسیە لە ئیدلب هەڵیانکوتاوەتەسەر گرووپەکانی سەربە تورکیە کە هێزەکانی تورکیەشی تێدا جێگیرن.