وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاند کە دەسبەسەر کردنی توێژەری ئێرانی-فەرانسەیی و هاوژینەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێگەی قبووڵ کردن نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی، ژان ئیۆلۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا باسی لە بارودۆخی “فەریبا عادڵخا” و “ڕۆلان مارشاڵ”ی هاوسەری ناوبراو کرد و وتی: “ئەو دوو کەسە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و ئێران بە ئازاد کردنی ئەو دوو زیندانییە هەنگاوێکی کاریگەر هەڵدەگرێ”.
فەریبا عادڵخا” توێژەری ناوەندی زانستیی پاریس، ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لەلایەن هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەماڵەکەی خۆی دەسبەسەر کرا و هەر وەها “ڕۆلان مارشاڵ” لێکۆڵەری فەرانسەیی و هاوژینی ناوبراو کە بۆ بینینی فەریبا سەردانی ئێرانی کردبوو لەلایەن کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.