پیلانی دیوارکێشی و هەڵکۆڵینی شوێنێکی مێژوویی شاری سنە لە لایەن سپای پاسداران و پاڕێزگار و شارەداری ئەوشارەوە، بە وشیاری چالاکانی مەدەەنی و ژینگەپارێزان و خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو شارە پووچەڵکرایەوە.
بە پێی ھەواڵێک کە لە شاری سنەوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ماوەیەک لەوەپێش ئوستانداری، شارەداری و سپای پاسداران بە کێشانی دیواری بێتۆنی بە دەور شاخی کوچکەڕەش، خەریکی جێبەجێ کردنی کارێک بوون کە ڕاستیەکەی بۆ خەڵکی ئەو شارە ڕوون نەبوو و زیاتر وەک پیلانێک چاوی لێ دەکرا. خەڵکی سنە پاش ئاگادار بوون لەو پیلانەی ڕێژیم، دەستیان دایە مانگرتن وناڕەزایەتی دەربڕین و ئێستا دەوترێ کە بەرپرسانی رێژیم جارێ دەستیان لەو کارە ھەڵگرتوە.
شایانی باسە کە ڕێژیم لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دەستی داوەتە هەڵکۆڵین و هەڵکەندنی شوێنە مێژووییەکان و داگیرکردنیان و لە نێوبردن و دزی و بە تاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، بەڵام لە زۆر شوێن چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و خەڵکی وشیارو دڵسۆزی کوردستان پێشیان بەو پیلانگەلە گرتووە و پووچەڵیانکردۆتەوە.











