پاش وڵامە توندەکەى کۆمیتەى خۆپێشاندانەکانى عێراق بۆ بەیاننامەکەى دوکتۆر بەرهەم ساڵح سەرکۆمارى عێراق، ئایەتوڵڵا سیستانى خوازیارى هەڵبژاردنى پارلەمانی واتە دوور لە دەستێوەردانی حیزبییە.
سیستانى کە مەرجەعى باڵاى شیعەکانە لە عێراق، ڕۆژی هەینی ١١ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی خوازیارى هەڵبژاردنى پێشوەختە بوو بۆ پەرلەمان و گوتى:” دەبێت بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ”.
سیستانى توندوتیژى وبەکارهێنانی هێزى دژى خۆپێشاندەران مەحکوم کرد و پێداگرى کردەوە کە لە چوار مانگى ڕابردوو، خوێنى کەسانى زۆرى بێ تاوان ڕژاوە. ئەو قسانەی سیستانی لە حاڵێکدایە کە “عەلی خامنەیی” کە خۆی بە مەرجەعی شیعەکانی دنیا دەزانێ، فەرمانی کوشتنی خۆپێشاندەران دەدا و بۆ خاتری مانەوەی خۆی خوێنی خەڵکی بێتاوان و غەدرلێکراو دەڕێژێ
سیستانى لە خوتبەى ڕۆژی هەینى کە لە لایەن “عەبدولمەهدى کەربەلایی” نوێنەرى خۆى لە شارى کەربەلا خوێندرایەوە، دژایەتى “شێلگیرانە”ى خۆى بۆ تێکدانى مانگرتنى خەڵکى ڕاگەیاند و پێداگرى کردەوە کە درێژەى قەیرانى ئێستا لە ڕاستاى بەرژەوندییەکانى عێراقدا نییە.
شایانی باسە کە سەرۆک کۆماری عێراق دوکتۆر “بەرهەم ساڵح” پاش زەخت و گوشاری زۆری خۆپێشاندەران، دوێنێ شەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، “محەممەد تەوفیق عەلاوی” وەکوو بەربژێری سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد بەڵام بەشێک لە خۆپێشاندەران ڕەتی دەکەنەوە و بەشێکیشیان بە کەسێکی شیاوی دەزانن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.