بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “سیامەک ئەشرەفی”، زیندانی سیاسیی کورد ،خەڵکی گوندی “وەلەند” سەر بە شاری ورمێ بارودۆخی تەندروستی نالەبارە.
ناوبراو لە ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕیبەندان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە داخوازیی ئازادیی بێمەرج و بێڕێزیکردنی فەرمانبەرانی لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای شۆڕشی ورمێ دەستی داوەتە مانگرتن و ڕایگەیاندووە کە هەتا وەڵامدانەوە بە داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو ناوەندە و پشت بەستن بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، بەردەوامبوونی مانگرتن لە خواردن، تەندروستیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەخاتە مەترسییەوە. ئەو سەرچاوەیە هەروەها گووتویەتی، بەرپرسانی زیندانی ورمێ سەبارەت بە مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە کەمتەرخەم بوون.
شایەنی باسە “سیامەک ئەشرەفی” پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٥، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی نزیک بە شەش ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا دەسەپێنرێت.











