بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەفغانستان خەریکی ئاژاوە و تێکدانی دۆخی ئەو وڵاتەیە.
ژنراڵ”مەکێنزی” فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی سەربازیی ئەمریکا گوتی: “هەڕەشە و ئاژاوەنانەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی ئەفغانستان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار وبۆتە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان بە تایبەت لەسەرهێزەکانی ئەمریکا”.
مەکێنزی هەروەها گوتی: “کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە خەریکی شەڕ و ئاژاوەنانەوەیە لە ناوچەکە و جیهاندا و بە تایبەت لە وڵاتانی دراوسێ وەکوو ئەفغانستان و پاکستان،عێراق ، یەمەن، سووریە، عەرەبستان و وڵاتانی دیکە، بەڵام لەم دواییانەدا جموجۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەفغانستان و لەلایەن هێزەکانی سەربەو ڕیژیمەوە وەکوو” زەینەبیوون و فاتمیوون”کە کەسانی ئەفغانین و کۆماری ئیسلامی پیشتر بۆ شەڕی سووریە بەکاریان دێنێ، زیاتر و بەرچاوتر بووە.
شایانی باسە کە لە دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکایی و گرتنە ئەستۆی ئەو کردەوەیە لە لایەن گرووپی تێرۆریستیی تالێبانەوە، گومانەکان لەسەر ئەوەیکە ئەم چەک و چۆڵانەی دژە فڕۆکە کە تاڵیبان بەکاری هێناوە، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دابینکرابێ ئەگینا ئەم گرووپە توانایی ئەم دروست کردن و وەدەستهێنانی ئەو جۆرە چەکانەیان نییە.