سپای پاسداران دەڵی: “٣٤ نوێنەری ئێستای مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کێشەی ئەخلاقیان هەیە و ئەگەر لەدژی ڕەتکردنەوەیان دەنگ هەڵبێنن ئاشکرایان دەکەین”.
یەکێک لە ماڵپەڕەکانی سپای پاسداران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاشکرایکرد کە ئەگەر ئەو نوێنەرانەی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەتکراونەتەوە و ناتوانن بۆ دەورەی داهاتوو خۆیان بەربژێر بکەنەوە بیانەوێ دەنگ هەڵبێنن و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی بخەنە مەترسییەوە و نەقشی ئۆپۆزیسیون بگێڕن ئەوا بە فیلم و دەنگی تۆمارکراو کێشەی ئەخلاقی ٣٤ کەس لەوانمان لە بەردەستدایە و ئاشکرای دەکەین.
لە دژکردەوە بەم لەقاودانەدا “جەلیل مۆحێبی” بەرپرسی ستادی “امربەمعروف ونهی ازمنکر” کە ئاخوندێکی توندڕەویشە و زۆر لە خامنەییەوە نزیکە، ڕایگەیاندوە کە ئەم کارە هەڵەیە و دوژمنانی پێ شاد دەبن و ئێمە نابێ کێشەکانمان ئاشکرا بکەین و لە لایەکی دیکەوە ئەمە دژی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە.
کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا زۆر کەمرەنگتردەبێ هەربۆیە دەستی داوەتە شانۆگەری دووباڵەکێ و وەک هەمیشە زەقکردنەوەی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز وهاندانی ناڕاستەوخۆی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام وێناچێ ئەمجارە بتوانن خەڵک بەلاڕێدابەرن.