حەیرانبێژێکی ناوچەی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
حەفتەی ڕابردوو حەیرانبێژێکی ناوچەی سەردەشت بە ناوی حەمەدەمین یوسف ئازەر کۆچی دوایی کرد.
کاک حەمەدەمین سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی بەشداریی لە ڕاپەڕیندا کرد و دواتر بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و لە لکی ٣ی هێزی شەهید موعینی ئەوکاتدا سازمان درا و لەو ڕێگەیەدا خزمەتێکی زۆری بە گەلەکەی کرد. ناوبراو دوای چەند ساڵ پێشمەرگایەتی بەهۆی دۆخی ژیانی ژن و مناڵەکەی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، بەڵام تا دوا ساتەکانی ژیانی هەر وەفادار بە ڕێبازی کوردایەتی مایەوە.
کاک حەمەدەمین دوای پێشمەرگایەتی چووە بواری کاری هونەری و لەو ڕێگایەوە توانی خزمەت بە هونەری گەلەکەی بکا و وەک حەیرانبێژێک لە زۆر شوێن دڵی دۆست و هاوڕێ و خەڵکی خۆش دەکرد و بە وتنی حەیران خزمەتێکی زۆری بە فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی کرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەس و کاری و ئۆگرانی هونەری کوردی و خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە گشتی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











