هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری مەریوان ماوەی چەند مانگێکە چارەنووسی نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “فەرید پەژووهی”، تەمەن ٢٥ ساڵ ،خەڵکی شاری مەریوان و خاوەن بڕوانامەی زانکۆ چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو کە ٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری ڕێژیم، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەریوان دەسبەسەر کراوە و ڕفێنراوە، لەو بەروارەوە هەتا ئێستا وێڕای بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکەی هیچ زانیاریەک لەسەر ناوبراوو شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.
بە پێی وتەی کەسوکاری فەرید و لە زمان براکەیەوە دەگوترێ، کە چەند مانگ پێش ئیمامی جومعەی ئەو شارە بە بنەماڵەکەی گوتبوو کە فەرید لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەریوان ڕاگیراوە، بەڵام دواتر لە قسەکانی خۆی پاشگەز بۆتەوەو گوتوویەتی کە هیچ زانیارییەکم لێی نیە.
جێی ئاماژەیە کە دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک ساڵ لە چارەنووسی نادیاری ئەو لاوە، بارودۆخی ژیانی ئەو بنەماڵەیە تێکچووەو هیچ لایەن و ئۆرگانێکیش ئامادە نیە لەو بارەوە زانییاریان پێ بدا.
شایەنی باسە دەزگاکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوەندە ئەمنییەتیەکان ساڵانە ژمارەیەک لە لاوان و هاونیشتمانیان لە شارەکانی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆرو دروست کردنی پەروەندە دەسبەسەر دەکەن و ڕاپێچی بەندیخانەکانیان دەکەن، کە هێندێکیان بە بارمتەیەکی زۆر ئازاد دەکرێن و لە چارەنووسی هێندێکیشیان هیچ زانیاریەک لەبەردەستدا نیە.











