بەهۆی بارینی بەفر و بارانی زۆر و گۆڕانی کەش و هەوا، خواردەمەنیی باڵندە و ئاژەڵان ژێر بەفر کەوتووە و بووەتە هۆی ئەوەی بەشی زۆری ئاژەڵ و پەلەوەرەکان لە برسێتی و سەرمادا بمرن.
شایەنی باسە ماوەیەکە بەشێک لە چالاکانی ئەنجومەنە ژینگەپارێزی و ئاژەڵدۆستییەکان دەستیان کردوە بە هەڵمەتێکی هاوبەشی بڵاوکردنەوەی خواردن و دروستکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران.
لە درێژەی ئەم چالاکییانەدا بە مەبەستی هاوکاری و ئامادەکردنی خواردن بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران، ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “سروشتی شارەکەم بۆکان” کەمپەینێکی لەژێر ناوی “کۆکردنەوەی خواردن و دانەوێڵە بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران” ڕاگەیاند.
ئەم کەمپەینە کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، لە قۆناغی یەکەمدا بە هاوکاریی بەشێک لە کوشتارگەکانی ئاژەڵان و پەلەوەران توانیان ڕێژەیەکی زۆر لە گۆشت و وردەنان و دانەوێڵە بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران کۆ بکەنەوە.
لە قۆناغی دووەمی کاری کەمپەینەکەدا بە هاوکاریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی ئەنجومەنەکان و خەڵکی ژینگەدۆستی ئەم شارە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی خواردن و دانەوێڵەکانیان لە شاردا بەڕێوە برد.
جێی ئاماژەیە کە ماوەیەکە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاژەڵ و پەلەوەران لە بەشی زۆری شارەکانی کوردستان بووە بە نەریت و ژینگەپارێزان مەبەستیان لەو هەوڵانە ئەوەیە کە بڵێن هەموو ئاژەڵ و بوونەوەرێک مافی ژیانی هەیە و ئەرکی مرۆڤە ئەو مافەیان بپارێزێ.












