هونەرمەندی دیارو ناسراوی کورد خاتوو “فەتانە وەلیدی” دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، خاتوونی هونەرمەند “فەتانە وەلیدی” بەهۆی خراپی باری تەندروستیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.
فەتانە وەلیدی، دەیان ساڵە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوەو تەنیا جاروبار هێندێک کەس و لایەن سەردانیان کردوەو وەک ژنە هونەرمەندێک ڕێزیان لێگرتووە.
ناوبراو بە هۆی نالەباری دۆخی ژیان و خراپی باری تەندروستی زۆر زوو کۆتایی بە تەمەنی ژیانی هونەری هات، بەڵام لەم ماوە کورتەشدا توانی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت و جێ پەنجەی لە هونەر و مۆسیقای کوردیدا دیار بێت .
هونەرمەند فەتانە وەلیدی ساڵی ١٩٥٣ لە بنەماڵەیەکی هونەریی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و هەر لە منداڵیەوە ڕووی کردە هونەریی مۆسیقا و ئاواز و توانی ببێتە یەکێک لە ژنە ڕچەشکێنەکان لە مەیدانی هونەرو مۆسیقای کوردی.