بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕێبەندان “دارا ڕەشیدی” تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.
ناوبراو لە ١٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مهاباد دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتووخانەی تایبەتی لە شاری ورمێ بەڕێکرابوو.ڕەشیدی دوای مانەوەی بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ گرتووخانەی “دەریا” لە ورمێ ڕاگوێزرا.
شایهنی باسه که ناوبراو پێشتریش چەند جارێک بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراوەو لێپێچینەوەی لێکراوە و یەکێک لە بەندیە سیاسییەکانی دەیەی هەشتایە کە لە ساڵەکانی نێوان ٨٠ بۆ ٨٧ لە زیندان دابووە.











