تێکدان و لە ناوبردنی سروشت و ژینگەی کوردستان بەردەوامەو بێدەنگی بەرپرسانیش لەم پێوەندیەدا مەترسیەکانی لەسەر ژینگەی کوردستان زیاتر کردوە.
لەگەل ئەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بایەخێک بە ژینگەی کوردستان نادات و زۆر جاریش بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵی تێکدانی ژینگەی کوردستان دەدات، لە لایەکی تریشەوە کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز دەستیان کردوە بە لەناوبردن و بڕینەوەی دارستانەکان و بە خەڵووز کردنی دارەکان لە کوردستان و بەرەو شوێنی نادیار ڕایاندەگوێزن.
بە پێی سەرچاوە هەواڵیەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەشی زۆری دارستانەکانی مەریوان لە ئاواییەکانی “باخان”،”فەیلەقووس”، “بۆریەر” تێکدراون و با تاڵان بردراون.
جێی ئاماژەیە کە بەرژەوەندیخوازان و دەستوپێوەندەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تاڵان کردنی دارستانەکانی کوردستان بە سەدان دۆنم لە دارستان و ژینگەو لەوەڕگاکانی کوردستانیان لەناو بردوە.
سەڕەڕای هۆشیارکردنەوەو ئاگادارکردنەوەی لایەنی پێوەندیدار لە لایەن ئەنجوومەنە ژینگەپارێزیەکان لە شارو ئاواییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ئەنجوومەنی” سەوزی چیا “لە مەریوان، تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێوشوێنێک بۆ پێشگرتن لە بە تاڵانبردنی ژینگەی کوردستان نەگیراوەتەبەر.
جێی ئاماژەیە ئەرکی پاراستن و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی کوردستان، خامۆش کردنی ئاگری دارستانەکان و هۆشیار کردنەوەی خەڵک لە پێوەندی لەگەڵ خۆشەویستی بۆ ژینگە ساڵانێکە کەوتۆتە ئەستۆی ژمارەیەک لە ئەنجوومەنە ژینگەپارێزیەکان کە بە ئەرك و تێچووی خۆیان هەوڵ دەدەن ئەرکی ژینگەدۆستی و نیشتماندۆستی خۆیان بەجێ بگەیەنن.











