ئەمریکا دەیهەوێ لە ڕۆژانی داهاتوودا گەمارۆ بخاتە سەر ناوەندی وزەی ناوکیی ئێران و بەرپرسی ئەو ناوەندە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی چوارشەممە ٩ـی ڕێبەندان لە هەواڵدەریی “بلوومبێرگ” بڵاو کراوەتەوە، ئەمریکا دەیهەوێ گەمارۆ بخاتە سەر ناوەندی وزەی ناوکیی ئێران و “عەلیئەکبەر ساڵحی”، بەرپرسی ئەو ناوەندە. دوو کاربەدەستی پلە باڵای ئەمریکایی بە هەواڵدەریی “بلومبێرگ”یان ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژی دیکە گەمارۆ دەخاتە سەر ناوەندی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. شایانی باسە کە “مایک پۆمپێئۆ” و “ئێستیون منووچین” لەسەر بەردەوامی و کۆتایی پێهێنان بە گەمارۆکانی سەر ئێران بۆچوونی جیاوازیان هەیە. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ دەبێ گەمارۆکان لەسەر ئێران زیاد نەکەین و ئێستیون مەنووچین وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ گەمارۆکان لەسەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی پێنجەمین هەنگاوی کەمکردنەوەی پێبەندبوون بە هاوکارییە ناوکییەکانی ڕایگەیاندووە و دەیهەوێ هەنگاو بە هەنگاو لە بەرجام بێتەدەر و لەو ڕێگەیەوە گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بۆ ئەوەی بە ویستەکانی خۆی بگات.