بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێڕان، چەند میلیارد دۆلار لە پارەی فرۆشی نەوت و گازی ئێران بە عێراق، ڕاگیراوە.
ناوەندی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بڕی ٤ تا ٥ میلیارد دۆلار پارەی ئێران لە بانکی ناوەندیی عێراق دایە، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانەوە ئێران ناتوانێ ئەو پارەیە لە عێراق وەرگرێ.
“حەمید حوسێنی” ڕاوێژکاری ڕێکخراوی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بڕی پێنج میلیارد دۆلار پارەی ئێران لە بانکی ناوەندیی عێراقدا ڕاگیراوە. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٩ـی ڕێبەندان بە هەواڵدەریی “ئیرنا”ـی ڕاگەیاندووە کە دەوڵەتی عێراق پارەی ئێرانی بە دینار قەبڵاندووە و لە بانکی ناوەندیدا ڕایگرتووە و هیچ ڕێگەیەک بۆ گەڕانەوەی ئەو پارەیە بۆ ئێران نییە.
حوسێنی ئەو کێشەیەی بۆ گەمارۆکان گەڕاندەوە و وتی “کاریگەریی گەمارۆکان وایکردووە کە ئێمە نەتوانین پارەی هەناردەی گاز و بەرهەمە نەوتییەکانمان لە عێراق وەرگرینەوە”.
شایانی باسە کە لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراقدا چەندین مامەڵە و پێوەندیی بازرگانیی دیکەش هەبووە کە بە هیچ شێوەیەکی یاسایی نەبووە و هەردوو لایەن بە ویستی خۆیان گەیشتوون. وڵاتانی هیند و تورکیە و چین لە بەهێزترین ڕەقیبەکانی ئێرانن لە هەناردەی بەرهەمەکانیان بۆ عێراق، بەڵام ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی بازاڕی عێراق تا ڕادەیەک کۆنترۆڵ بکا. ئێستا کێشەیەک کە ئێران لەگەڵی ڕووبەڕوو بووەتەوە، ئەوەیە کە چەند ناوەندێکی بەرهەمهێنەری گاز تووشی کێشە بوونە و لەگەڵ عێراق بەڵێننامەیان ئیمزا کردووە. جیا لەوە بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە بەشێوەی بانکی و یاساییە بەڵام چونکە ئێران نەیتوانیوە پێبەندی بەڵێننامەکان بێ، دەوڵەتی عێراقیش ڕێکاری نوێی گرتووەتە بەر و پارەی کەڵەکەبووی ئێرانی لە بانکی ناوەندیدا ڕاگرتووە.