ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ هەتاوی، کۆڕێک بۆ نووسەر و ڕژنامەنووس محەممەد ساڵح بەرزنجی لە کتێبخانەی شاری کۆیە پێکهات.
سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب ” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە روحی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێوەبەری کۆڕەکە کورتەیەکی لەسەر پێکهێنانی کۆڕەکە باس کرد و، دواتر محەممەد ساڵح بەرزنجی باسێکی لەسەر کتێبەکەی کرد کە بە دوو زمانی کوردی و عەرەبی لەسەر ئاواز و ئاوازدانەری سروودی ئەی ڕەقیب ئامادەی کردووە.
نووسەر بە هێنانەوەی کۆمەڵێک بەڵگە و دێکۆمێنت لەسەر ئاوازی سروودی ئەی ڕەقیب، باسی لە مامۆستای ئاوازەکە واتە شەهید شێخ حوسێن بەرزنجی کرد کە کاتی خۆی لە شاری کەرکووک مامۆستا دڵداری شاعیر و دانەری سروودی ئەی ڕەقیب داوایلێکردووە کە ئاوازێک بۆ سروودەکە دابنێ و ئەویش ئەو مارشەی بۆ داناوە کە ئێستا لەگەڵ سروودی ئەی ڕەقیب لە هەموو شوێنێک دەنگدەداتەوە.
شایانی باسە کە هەر لەم پێوەندییەدا باس لە کەسێکی دیکە بە ناوی عەبدولخالق قوتب دەکرێ کە ئاوازەکەی بۆ داناوە.
دوای باسەکەی کۆڕگێڕ، کۆمەڵێک کەسایەتی قسەیان لەسەر سروود و ئاوازەکە کرد. یەکێک لەو کەسانەی کە لەو پێوەندییەدا قسەی کرد، بەڕێز جەلیل گادانی تێکۆشەری دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو و باسی لەوەکرد کە کاتی خۆی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لە قوتابخانەکانی مەهاباد سروودەکەیان خوێندۆتەوە و هەر لەو سەردەمەدا سروودی ئەی ڕەقیب بۆتە سروودی ڕەسمی کۆمار و لەو کاتەوە تا ئێستا لە هەر چوارپارچەی کوردستان ڕەسمییەتی پێدراوە و بۆتە سروودی نەتەوەیی گەلی کورد.
شایانی باسە کە کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەو ڕێورەسمە بانگهێشت کرابوون کە هەر یەک لە بەڕێزان مامۆستا عەبدووڵڵا حەسەنزادە، کاک جەلیل گادانی ، عەلی بداغی ومحەممەد شەهرەوان و چەند هاوڕییەکی دیکە حیزبی دێموکڕات بەشداری کۆڕەکە بوون.











