لە ئێران دوو کەس لە بەرپرسانی بانکەکان بەهۆی گەندەڵییەوە تۆمەتبار کران.
لە ٢٤ـەمین دادگای پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی “عەلی دیواندەری” بەڕێوەبەری پێشووی بانکی “ملت”، بڕیاری دەسبەسەرکرانی بەهۆی گەندەڵییەوە دەرچووە.
“محەممەد موەحێد” قازیی دادگای تاران، ڕۆژی سێشەممە ٨ـی ڕێبەندانی ١٣٩٨ـی هەتاوی ڕایگەیاند کە “عەلی دیواندەری” پێشتر بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی و “حوسێن ئەبولحەسەنی” بە بارمتەی یەک میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوون.
پەروەندەی گەندەڵیی دارایی بانکی میللەت تا ڕادەیەک گەورە بووەتەوە کە چەندین کەس لەو گەندەڵییە تێوگلاون. بۆ نموونە “عەلی دیواندەری، مەجید سەعادەتی، بێهرووز موختاری، ڕەحمەتوڵڵا باختەری”، “مەهدی فەلاحەتیان، ئیسماعیل ئەحەدی، سەمانە حەزرەتی، وەحید نەمازی و حوسێن ئەبولحەسەنی” لە تۆمەتبارەکانی دیکەی ئەو پەروەندەیەن. بە وتەی نوێنەری دادستێن، لە بانکی میللەت بڕی ١٠٥ میلیۆن دۆلار و لە بانکی پارسیان بڕی ٦٠ میلیۆن دۆلار دزراوە، کە لەسەریەک دەبێتە ١٦٥ میلیۆن دۆلار. هەروەها عەلی دیواندەری بە وەرگرتنی مانگانە ٥٢ هەزار درهەم لە چەند کۆمپانییایەکی وڵاتانی عەڕەبی تۆمەتبار کراوە و لەلایەکی دیکەوە بە هاوکاریی “بابەک زەنجانی”، تاوانباری گەندەڵیی دارایی، تۆمەتبار کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە پەروەندەی عەلی دیواندەری، ٢٤ کۆبوونەوەی دادگای بۆ پێکهاتووە و یەکێک لە پەروەندە گەورەکانی گەندەڵییە لە ئێران.
لەلایەکی دیکەوە “حەبیبوڵڵا غالب” بەرێوەبەری ناوەندەکانی بانکی میللی لە ورمێ دەسبەسەر کرا. ناوبراو بەربژێریی هەڵبژاردنەکانی شوورای شاری ورمێدا بووە و ماوەی ساڵێک لەمەوپێش بە بەرێوەبەری ناوەندەکانی بانکی میللی لە ورمێ دیاریی دەکرێ.
گەندەڵی دیاردەیەکە کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داگرتوە وهەر ڕۆژە بەجۆرێک کەسێک لەگەندەڵییەوە تێوەدەگلێ. تۆمەتبارکردن و دەسبەسەرکردنی کاربەدەستانی پلە خوارووی ئەو وڵاتە بەو مانایە نییە کە پلە باڵاکان فریشتەن، بەڵکوو گەندەڵی لە ئەوانەوە و لە بنەماڵەی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێ و زیاتر لە چل ساڵە سامان و دارایی گەلانی ئێران بەتاڵان دەبەن و بۆ ژیانی بنەماڵەیی و مەبەستە تایبەتییەکانی خۆیان بەکاری دێنن.