ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ڕێبەندانی ١٣٩٨ـی هەتاوی لە هەورامانی تەخت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێوڕەسمی “پیرشالیار” بەڕێوە دەچێ و تا سێ ڕۆژ بەردەوامە.
ڕێوڕەسمی “پیرشالیار” یەکێک لەمێژینەترین جێژنەکانی ناوچەی هەورامانی تەختە کە ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە وڵاتانی دەرەوە و شارەکانی ئێرانەوە بەشداریی ئەو ڕێوڕەسمە دەکەن. ئەو جێژنە بۆماوەی سێ ڕۆژدا درێژەی هەیە و ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆی هەیە. خەڵکی هەورامان بە دەف لێدان و زکر و قوربانی و شەونشینی ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن. ئەو ڕێوڕەسمە بە زەماوەندی پیرشالیار بەناوبانگە و ساڵانە لەنیوەی زستاندا بەڕێوەدەچێ. یەکەم بڕگەی مەراسیمەکە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بە “خەبەر” دەستپێدەکا. بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بە “کڵاوڕۆچنێ” و قوربانی و درووستکردنی خواردن و کۆبوونەوە لە چلەخانەی پیرشالیار بەردەوام دەبێ و بڕگەکانی تر تا سێ ڕۆژ درێژەی دەبێ.
بەشێک لە گۆشتی قوربانییەکە بەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە و بەشێکیشی بۆ درووستکردنی چێشت و خواردن بۆ ماڵی پیرشالیار دەبرێ. دواتر کاتژمێر ٢ و ٣ـی دوانیوەڕۆ دەف لێدان دەستپێدەکا و گەنج و پیاو و پیرەکانی ئەو ناوچەیە دەست لە دەستی یەکتر، زنجیرەیەکی گەورە درووست دەکەن و لەگەڵ دەنگی دەف سەمایەکی عیرفانی دەکەن.
دوای زکر و دەف لێدان، خواردنی ٩٥٠ ساڵەی پیرشالیار ئامادە دەکرێ و بەنێو خەڵکدا بڵاو دەکرێتەوە. چەندین بڕگەی دیکەی ئەو مەراسیمە بەڕێوەدەچێ و خەڵکێکی زۆر لە شار و گوندەکانی کوردستانەوە سەردانی هەورامان دەکەن. جیا لەوە، لە شارەکانی ئێران و تەنانەت وڵاتانی دەرەوەش میوانێکی زۆر سەردانی ئەو ناوچەیە دەکات. پیرشالیار کەسێکی ناودار و درووستکار بووە و ئەو ئایینە، ئایینێکی لەمێژینەی کورد و یەکێک لە پیرۆزییەکانی ناوچەی هەورامانە کەهەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە و ڕێزی لێدەگیرێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بەبۆنەی پێکهێنانی ڕێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری ناوچەی هەورامان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ڕێز لەو جێژنە مێژوویە دەگرن و سەرکەوتن و شادی و سەرفرازییان بۆ بە ئاوات دەخوازین.











