وەزارەتی وزەی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق، دەیانەوێ جێگەی کەمبوونی گازی ئێران پڕ بکەنەوە.
دوو وڵاتی ئێران و عێراق پەیماننامەیەکیان هەیە و ئێران بڕیارە کە ڕۆژانە پەنجا میلیۆن میتری چوارگۆشە گاز بنێرێ بۆ عێراق، بەڵام ئەمساڵ ناتوانێ پێبەندی پەیماننامەکەی بێ. ئەو کەمبوونەوەی هەناردەی گازە بووەتە هۆی درووست بوونی کێشە و گرفتگەلێکی بەرچاو لە بەشە پیشەیی و بازرگانییەکانی عێراقدا.
وەزارەتی وزەی عێراق ڕۆژی سیشەممە ٨ـی ڕێبەندان ڕایگەیاندووە کە ئێران بە ڕێکەوتنەکەمان پێبەند نەبووە و ڕۆژانە بەجێگای پەنجا میلیۆن میتر، تەنیا ٣ میلیۆن میتر گاز هەناردەی عێراق دەکا.
شایانی باسە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا شەش ناوەندی پێترۆشیمیی ئێران کە بەرهەمهێنەری گازن، داخراون و بەرهەمهێنانی گازیان نییە. هەروەها لە نێو نێرانیش، ناوەندە پیشەییەکان گازیان لێ داخراوە.
بیژەن زەنگەنە کەمبوونی گازی گەڕاندەوە بۆ گوشارەکان و گەمارۆکانی ئەمریکا و وەزارەتی وزەی ئێرانیش نەبوونی پشتیوانیی دەوڵەتی دەکاتە بیانوو بۆ نەبوون و بەرهەم نەهێنانی گاز لە ئێران.