مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بەڕێوە نەچوونی ئاگربەست لە باکووری سووریە کە پێشتر لەلایەن شۆڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەندرابوو، دەوڵەتەکانی ڕووسیە، سووریە، ئێران و ڕێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنانی بە هۆکاری سەرەکی ناو برد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی دووشەممە، ٧ی ڕێبەندان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە لەوێدا باس لەوە کراوە؛ دەوڵەتی ئەمریکا بە نیگەرانییەوە دۆخی باکووری سووریەی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە، لەم بەشە لە وڵاتی سووریە هێزەکانی ئێران، ڕووسیە، حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژیمی ئەسەد هێرشێکی بەرینیان کردوەتە سەر خەڵکی ئەدلیب و ڕۆژاوای پارێزگای حەلەب.
هەر لەم بەیاننامەدا باس لەوە کراوە کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی و وشکانی ئەم هێزانەوە هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی کەوتوونەتە گەمارۆوە و ڕێگەی دەرچوونیان نییە و، هەروەها بە دەیان هەزار کەسی تریش ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتوە.
شایانی باسە ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری و بەم هۆیەوە دوورە دیمەنی ئاگربەست لێڵ دەنوێنێ، ئەمە لە کاتێکدایە شۆڕای ئەمنیەت پێشتر داوای کردبوو کە ئاگربەستێک بکرێ بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.
مایک پۆمپێئۆ سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوانە ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان داواکارە کۆتایی بەم هێرشانە بهێندرێ کە لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە دژی خەڵکی سووریە دەکرێ، هەتاکوو هەموو ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان بتوانن یارمەتیی خەڵکی لێقەوماو بدەن.
هەروەها لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە، دەوڵەتی ئەمریکا ئامادەیە هەموو هەوڵێکی دیپلۆماتیک و ئابووری لەدژی ڕێژیمی ئەسەد و هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە هاوکاریی دەکەن، بگرێتە بەر.











